مافی ژن لە کۆمەڵگای کوردی
وەک ئاشکرایە تاوەکو سەرەتاکانی سەدەی بیست، دۆخی ژن لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەسەر یەک ڕێچکە دەڕۆیشت، ئەویش بریتی بوو لە پەراوێزخستن و گۆشەگیرکردنی لە ماڵەوە. کار و ژیانی لەجوگرافیایەکی بەرتەسک سنوردار کرابوو. بە مانایەکی تر کاتێک باسی ژن دەکرا، ڕاستەوخۆ خەیاڵی مرۆڤ دەچوە چێشتخانە و گەورەکردنی منداڵ. بەڵام ئەو دۆخە بەردەوام نەبوو، بەڵکو بەهۆی سەرهەڵدانی ڕۆشنگەری و شۆڕشی پیشەسازی لە پێش سەدەی بیست، بارودۆخی ژن لە سەدەی بیست و بە دیاریکراویش لە ناو وڵاتە پێشکەوتووەکان هەنگاوی باشی نا. ئەوە بوو لە ساڵی ۱۹۱۹ مافی دەنگدان بە ژن بەخشرا و دواتریش وردە وردە مافەکانی تر لەلایەن خەباتی خۆیانەوە بەدەست هات. گۆڕانە سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان گوڕێکی باشیان بە پرسی کورد دا، بەڵام لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکان دۆخی ژن هەمان دۆخی سەدەکانی پێشتر بوو. لە کۆمەڵگای کوردیش، ژن هەر بە پەراوێزخراوی و پلەدوو مایەوە. ئەمیش بەهۆی هەژمونی ئەو بیرکردنەوە زاڵە بوو، کە کلتور و ئاین سەبارەت بە ژن هەیانبوو. لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەوە، دۆخی ژن گۆڕانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. شۆڕشی تەکنەڵۆژیا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کرانەوەی کۆمەڵگای کوردی هەبووە. جگە لەمەش ڕۆشنبیران کەوتنە ڕەخنەگرتن لە ڕەهەندە داخراو و بەسەرچووەکانی ئاین و کلتور، ئەمەش کرانەوەکەی خێڕاتر کرد. ئێستا دۆخی ژن بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆی بینیوە و لە هەموو کایەکانی ژیان ڕۆڵیان هەیە، بە مانایەکی تر، ئێستا ژنی کورد سەربازە لە ڕۆژئاوا و خاکی کوردستان دەپارێزێت، لە میدیادا و فەرمانگە حکومی و تایبەتییەکان، ژن دەبینرێت، بەڵام پێویستە ئەوەش بوترێت، تا ئێستاش کلتور و ئاین ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن و دژایەتی ئەو کرانەوەیە دەکەن. هیوادارین دۆخەکە باشتر بکرێت بەچاوی یەکسانی سەیری مرۆڤایەتی بکرێت
هەواڵ