راگەیاندراوی ڕێکخراوی ئازادی و مافی مرۆڤ دەربارەی سزادانی چالاکانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان

راگەیاندراوی ڕێکخراوی ئازادی و مافی مرۆڤ سەبارەت بە بڕیاری دادگای تاوانەكانی هەولێر لەسەر پرسی چالاكوانەكانی بادینان، كە هەریەكەیان شەش ساڵ حوكمی زیندانیكردنیان بەسەردا دراوە، ئەم راگەیاندراوەمان بەپێویست زانی:

1- دەبێت دادگاییكردنی چالاكوانان و رۆژنامەنوسان، بەپێی یاسای رۆژنامەگەریی لە كوردستان، یان ئەو یاسایانەبێت، كە پەیوەندییان بە پرسی ناڕەزایی مەدەنییانەوە هەیە، كەلە توندترین حاڵەت دا، سزاكانیان تەنها غەرامەكردنە.

2- دەبو ئەو چالاكوانانە، لەكاتی دەستبەسەركردنیان دا، مافی بەرگریكردن و بینینیان بۆ فەراهەمبكرایە.

3- دەبێت هەر حوكمێكی سزایی دادگا، پاڵپشت بێت بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر، كە تۆمەتباركراویش راستیی بەڵگەكان بسەلمێنێ‌. نەك بەزۆر بەسەری دا ساغبكرێتەوە.

4- رێزی سەربەخۆیی دادگا دەگرین، بەڵام دەبێت دادگایش بە هەمان ئەندازەی سەربەخۆبون بڕیاربدات و رێگانەدات بێ‌ بونی بەڵگەی حاشاهەڵنەگر، چالاكوانان بە سیخوڕ و ئاژەوەگێڕ تاوانباربكرێن.

5- دادگای پێداچونەوەی هەرێم، لەم پرسەدا لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی یاسایی و ئەخلاقیی و مێژویی دایە و داواكارین بە وردیی بەم دۆسێیەدا بچێتەوە و مافی خوراو بۆ مافخواراوان بگەڕێنێتەوە و سەروەریی یاسا لەبەرچاو بگیرێت و ئازادیی كاری میدیایی و ناڕەزایی مەدەنییانە، وەكو مافێكی رەوا لەبەرچاو بگیرێت و رێگانەدات بۆ بەلارێدابردنی دادگا.

6- جەختدەكەین لەسەر یەكلاكردنەوەی یاسایی كۆی ئەو پرسانەی لە دادگاكانی كوردستان دا و بە فشاری سیاسیی هەڵپەسێردراون، یان بەهۆیەك لەهۆیەكان داخراون و پەیوەندییان بە تاوانی كوشتنی رۆژنامەنوسان و چالاكوانان و هەڕەشەكردنەوە هەیە لێیان

هەواڵ